فیمینیزمی کلتووری لە ژینگەی خوار ناوەندی و قۆناغی پۆست _ جەندەریزمدا

“خوازیار نیم ژن دەسەڵاتی بە سەر پیاودا هەبێت
، بەڵکو دەسەڵاتی بە سەر خۆیدا هەبێت – ماری ولستونکراف ”

یەکێک لەو دیاردانەی کۆمەڵی کوردی بەرەو سەرگەردانی تێگەشتن بردووە داتاشینی واتای نەریەتیە بۆ چەمکی مۆدێرن ، خۆ خزاندن و باسکردنە لەو چەمکانە بە مۆراڵی نەریتی . یان دووبارەکردنەوەی مێژوو و ئەزموونی سەدەکانی ڕابردووە سەبارەت بە هەمان چەمک لە دەرەوەی ڕەچاوکردن و ڕاڤەی زەمەن ، قۆناغەکانی گەشەکردن و دوا پێگەشتنی فکری سەبارەت بە هەمان چەمک.
دەتوانم کۆمەڵی وڵاتانی یەکەم بە کۆمەڵی پۆست – جەندەریزم ناوزەدبکەم . ئەو کێشانە کە جیاوازی نێوان دوو ڕەگەز نیشان دەدات مافی یەکێکیان باڵا ئەکات بە سەر ئەوی دیدا لە ڕووی یاسایی و سیاسی و ئابوری و زۆر لایەنی کۆمەڵایەتیدا بوونیان بە زەحمەت دەبینرێت، سەرباری هەندێ هاوکاری و چاوپۆشی بە قازانجی ژن. تەنانەت زۆری رێکخراو و سەنتەر و بنکەکانی ژنان گوزارشت لە بوونی زۆری کێشەکان ناکات ، ئەوەندە کەلینی سیاسی، یاسایی نەماوەتەوە کاری لە سەر بکەن و زیاتر کاریان گوازراوەتەوە بۆ هاوکاری بێ بەرابەری ژنان سەبارەت بە کێشەکانی خێزان و پەروەردە و یاسا. .
فەراهەم هێنانی ئەو دۆخە دەرئەنجامی مۆراڵی باو ونووستن و بێ دەربەستی ، سیستی و دووبەرەکی نەهاتووە ، دەرئەنجامی پرۆپۆزەڵی پیاوانەش نەبووە ، بەو بەڵگەی لەو کۆمەڵانەی گەشتوون بە قۆناغی پۆست – جەندەریزم مافەکانی مێینە دەچێتە یەکەم خانە ی لیستی مافەکان و مناڵ دووەم ،لە هەندێ دۆخدا مناڵ یەکەم ڕیزبەندی هەیە ، ئەمەش دەرئەنجامی داوای پیاوان نەبووە، ئێستاش پاش ئەەی ئەو سیستمە بووە بە کلتووری گشتی هێشتا گەر لە پیاو بپرسیت ئەڵێت بیگۆڕە.
یەکەم ژن داوای مافی ژنی کرد ماری ئەستیل بوو لە ساڵی 1700دەکاندا بەڵام بە هۆی سەرکێشیەکانی ناپیلیون بەرانبەر مافەکانی مرۆڤ سەرکەوتنی بە دەست نەهێنا .وەلێ چەمکی فمینیزم دەرکەوتەی دەستکەوتەکانی مۆدێرنەیە و لە کۆتایی سەدەی نوزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا کەوتە نێو چینی داکۆکیکارانی یەکسانی و ژنانی ڕۆناکبیر و ئاکتیڤێستەکانی مافەکانی ژنان . ئەم چەمکە چونکە لە دیدەبینی ژنانێکی دیاری بواری ڕوناکبیری و فەلسەفی وەکو سیمون بۆڤوار و ڕەبیکا وەکەر و فەرجینیا وڵف و … تد. هاتە ئاراوە ، تا ئەو ئاستەی لە دەستی ئەماندا مایەوە پێناسیەکی فەلسەفی ، مرۆیی و کۆمەڵایەتی لە خۆگرت ، ئەوان دابەشیان نەکرد بە سەر ئایدۆلۆژییە جیاوازە سیاسیەکاندا و پێیان وابوو” فیمینیست باوەڕە بە یەکسانی کۆمەڵایەتی ، سیاسی و ئابوری بۆ هەردوو ڕەگەز و گردبوونەوە و خۆ رێکخستن بە دەوەری ئەو باوەڕەدا” ئەمانە ناویانرا شەپۆلی یەکەم .ئەوانەش لە ژێر کاریگەری ئەماندا مانەوە پاشان ئیکویتی –فیمینیزم ” فیمینیزمی یەکسانخواز ” و ئیکۆفیمینیزم ” فیمینیزمی ئابوری ” ان دامەزراند و کاریگەرەیکی باڵایان لە سەر چەمکە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان هەبووە. وەلێ ئەم چەمکە فکرییە هەر زوو دابەشکرا بە سەر ئایدۆلۆژیە سیاسیە جیاوازەکان و لە گواستنەوەیەشیدا لە تیزییەکی فکرییەوە بۆ سیاسی بەها و کاریگەری باوەڕپێهێنانی لە دەستدا و بووە بە چەمکێک بۆ یاری خۆشکردنی ململانیە سیاسیەکان و ناوناتۆرە وەکو پات رۆبسۆن سیاسی و گەورە دەوڵەمەندیەکی ئەمەریکی و فاندەری چەند سەنتەری کۆمەڵایەتی و پرۆگرامی تەلەفزیونی و بڵاوکراوەیە ، فیمینیزم لە پرۆگرام و کارەکانی خۆی بردە دەرەوە چونکە لە گەڵ فکری سیاسی ئەو نەدەگونجاو و گووتی ” فیمینیزم بۆچونیەکی سۆسیالیستی دژە خێزانە ، ئەو بزوتنەوە سیاسیە ژن فێر دەکات لە هاوسەرەکانیان جیابنەوە ، مناڵەکانیان بکوژن ، سحربازی بکەن ، سەرمایەداری برۆخێنن و ببن بە لیزبێن” چوون هەتا ئەم ساتەش فیمینیزمی سەرمایەداری بوونی نیە ، ئەویش هەموو ئەو کارانەشی بە ناوی کۆمەڵایەتیەوە دەیکات و پنتە سیاسیەکانیشی لە خزمەت سیستمی سەرمایەداریدایە .ئەم جۆرە ڤایرۆسە کوشندەیە وایکرد بزوتنەوەی فیمینیستی کە هەموو ئەندامەکانی خاوەن فکریەکی جیگیر و ئیرادەیەکی کۆمەڵایەتی و فکری بتەو نەبوون خۆیان دابەشبکەن بە سەر بزوتنەوەکانی ئەم جۆرە پیاوە قسەکەرانە و ئەوان ڕازی بکەن ، هەر ئایدۆلۆژی و بزوتنەوەیەکی سیاسی بزوتنەوەیەکی فیمینستیشی لێ بئاڵێت ئەمانە ناویان نرا شەپۆلی یەکەم ، کە لە بنەمادا بزوتنەوەی فیمنیستی دابەش دەبێت بە سەر سێ شەپۆلدا، شەپۆلی یەکەم وەکو :

فیمنیزمی بوونگەرایی : ئەمانە سەر بە قوتابخانە بونگەراییەکەی سیمون بۆڤار بوون ، بۆڤاریش لە نێو ژنە رۆشنبیرەکانی ئەو کاتەدا یەکەم کەسیان بوو کە فکری فیمنیزمی لە هەموویان زیاتر پەرە پێدا بەڵام لە هەمووشیان زیاتر بەکاری هێنا بۆ باوەڕەکانی خۆی کە بیریەکی زیاتر گروپگەری بوو نەک گشتگیر. .
فیمنیزمی مارکسی :بزوتنەوەیەکی ژنانەی چەپ بوو ، بەرگری لە فکری مارکسی دەکرد و بۆ ئایدۆلۆژیای مارکسی تێدەکۆشا
.
فیمینیزمی لیبراڵ : ئەمانەش بزوتنەوەی سیاسی حیزبی لیبراڵ هەر ئاراستەیەکیان وە ڕوو خستبێت سەبارەت بە مافەکانی ژن ئەو چەمکانەیان بە هند وەرگرتووە. جەختیەکی زۆریان لە سەر ئازادی کاری ژن کردووە و کاریگەی جێگریشیان لەم بوارەدا تۆمارکردوە .

فیمنیزمی ڕادیکاڵ :ئەمانە پێیان وابوو چەوسانەوەی ژن جەوهەری چەوسانەوەکانی دییە و نمونەیەکی هەموو چەوسانەوەکانەو پێیان وابوو بۆ نموونە ” سێکس فرۆش” ئەو کارە بە ئیرادەی خۆی ناکات و بەڵکو قوربانیەکی کۆمەڵە و بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ بە زۆر ئەو کارەی پێدەکرێت
فیمینیزمی تاکڕەو : ئەم جۆرەی فیمینیست لە سەربەخۆی ژن دەکات وەکو تاکێک کە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی و بڕیارە کۆمەڵایەتی و یاسیاییەکان و خاوەنیەتی ” موڵک و ماڵ ” و کردارکردنی سەربەخۆی پێوەی.
فیمینیزمی ماتریاڵی: ئەم چەمکە یەکەم جار لە لایەن کریستینە دڵفین لە ساڵی 1975 بەکارهات ، لەم تیورەدا جەخت لە سەر لایەنی ئابوری ژن دەکرێت بە کەمکردنەوەی کاری ناوماڵی بێ بەرانبەر ، و زیادرکدنی کاری دەرەوە کە دەتوانێت ژن بکات بە خاوەنی گیرفانی سەربەخۆی خۆی .

فیمنیزمی سایکۆئەنەلایت : ئەم بزوتنەوەی فیمینست متمانە دەخاتە سەر تیورە دەرونیەکان فرۆید وپێی وایە جەندەر بیالۆجی نیە و بەڵکو گشەیەکی دەروونی مرۆڤە کە هەر لە مناڵیەوەنەستی پڕ کراوە لە چەمکی تۆ نێری تۆش مێ .

باوەڕم وایە شەپۆلی دووەم یەکێکە لە کاریگەرترین شەپۆلەکانی فیمینیست ، ئەم شەپۆلە سەرجەم مافەکانی ژنی لە نێو سیستمی کۆمەڵایەتی و یاسایی و سیاسیدا چەسپاند و نهێنی کارەکەشیان گشتگیری تیور و کۆششەکان بوو بۆ مەبەستێکی دیاریکراو کە سنورە مرۆڤایەتیەکانی تێدا بەرجەستەبکرێت ، بە تایبەت لە میانە تیورەکانی فیمنیزمی پۆست مۆدیرن و سۆسیالستی و درێژەدانی فەمەنزمی لیبراڵ و ئکۆنۆمی. شەپۆلی دووەم پێکهاتووە لە:

فیمینیزمی جوداخواز :ئەم تیورە پێی وایە جوداوازییەکانی نێوان نێر و مێ بێ چارەسەرە و بۆیە باوەڕیان بە هەترۆسێکشۆاڵ ” سێکس لە گەڵ ڕەگەزی بەرانبەر” نیە ، ئەم بۆچوونە سەرەتا لە ساڵی 1967دا لە لایەن رۆکسان دانباری پرۆفێسۆری بەشی ئەتیک لە ئەمەریکا هاتە نێو باس و هەر ئەو کات ڕێکخراویەکی دامەزراند بە ناوی شانەی 16 ، بەڵام شانەی 16 و بۆچوونەکەی گرنگیەکی ئەوتۆی نەهێنایە نێو بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و فیمنیستیەکان و وەکو خۆی مایەوە هەتا شەپۆلی دووەم ، لێرەوە هەندێ میانڕەوتر خۆی پیشاندا و زیاتر ئەو بۆچوونەی کرد بە پەیام کە پیاو ناتوانێت پێشنیازی ئەرییەیی بۆ کێشەی ژن بکات و ئەو کاتیش کردی زیاتر پێشنیازییەکی پیاوسالارانە دەبێت، لێرەوە لە گەڵ ژناندا کەوتنە کارکردن بۆ ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ژن و خێزانێک کە تەنها لە ژن پێک هاتبێت و کار لە گەڵ پیاو نەکات و یان بۆ هەمیشە بە سەڵتی و بێ هاوسەریەتی بمێنێتەوە.لە ڕاستیدا ئەم تیورە هانیەکی باشی لیزبینی بوونی دا1 .

فیمینیزمی سێکسی پۆزەتیڤ : :.ئەم تیورە پێ وایە ئازادی سێکسی بەشێکە لە ئازادی ژن ، تا ئاستێک بەرگری لە فیمینیزمی ڕادیکاڵ و لیبراڵ دەکات ،دژی هەموو تیوریەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی جەبێتەوە کە یاساغی سێکسی نێوان کەسە کامڵەکان دەکات ، هەروەها ئەو خاڵانەی لە ڕابردوودا بووە بە گرێی دەروونی و نەنگی لە ژیانیدا بە هۆی سێکسەوە ، بیگۆڕێت بە خاڵی پۆزەتیڤ و مامەڵەی پۆزەتیڤ و پۆزەتیڤیانە لەو بەشەی بنواڕێت .لە هەمان کاتیشدا تێدەکۆشێت بۆ بەکارنەهێنانی وێنەی ڕووتی ژن و جەستەی ژن بۆ کارە بازرگانیەکان و گەڕانەوەی ئازادی سێکسی بۆی بە هۆشیاریەکی ژنانەوە ،ئەمەش پشتگیری بوو لە بۆچوونەکانی کاترین ماکینۆن و ئەندریا دورکین و رۆبن مۆرگان لە ساڵی 1980دا . بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە هاندەرانی سێکسی ڕادیکاڵ و لیبراڵ ناسراوە2 .

فیمنیزمی پۆستمۆدیرن:3 ئەم تیورە یەکەم جار لە لایەن ژنە فەیلەسوفی ئەمەریکی جودت بۆڵترەوە بەکارهێنرا لە ساڵی 1990 ، لە تیورەکەیدا رەخنە لە تیورەکانی سیمون بۆڤوار و میشیل فۆکۆ و فەیلەسوفی فەرەنسی لاکا دەگرێت سەبارەت بە تیورە فیمینیستیەکانیان و فیمینستەکانی دیش دەبێتەوە کە جوداکاریان لە نێوان بیولۆجیا و جەندەردا دروستکردووە ، جودت لە کتێبەکەیدا کێشەی جەندەر جەخت لە سەر چەمکی سێکس و زمان ئەکات و پێی وایە، سێکس خۆی لە سەکچەرە زمانەوانیەکاندا بونیادناوە ، هەروەها پێی وابوو سەرجەم ژنان ئەزموونی ڕێگەیەکی ژنانەی هاوبەش ئەکەن و هەموو ژنانیش خۆیان لە شانی پیاودا دەبیننەوە.

فیمینیزمی سۆسیالیست : ئەم تیورە جەخت لە سەر کیانی کەسی و ژیانی گشتی ژن دەکات و پێی وایە هەتا کۆتایی بە کیشە کولتووری و ئابوریەکانی ژن نەیەت کۆتایی بە کیشەی ژن نایەت ،ئەم تیورە تیکەڵەیەکی ڕەخنەگرە لە فکری فیمینیزمی مارکسی و ڕادیکاڵە ، لە لایەک بەوەی ئەویش وەکو مارکسیەت پێی وایە سیستمی سەرمایەداری چەساندنەوەی ژنی لە هەناودایە ، لە لایەک پێی وایە مارکسیەت سەرکەوتوو نەبوو لە دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان سیستمی باوکسالاری و چینایەتی . پێویستە ئەوە بڵێن ئەم تیورە لە هەموو تیوۆەکانی دی زیاتر کاریگەری لە سەر گۆڕانی ژن هەبوو بە تایەبت کە سیستمی سۆسیالیستی خۆی بوو بە گاردێنی ژن و تەنانەت ژنی بێ کاریشی لە هەندێ یارمەتی ئابووری و هاوکاری بێ بەرابەری یاساییی بێ بەش نەکردووە .

شەپۆلی سێهەم بێ دەسەڵاترین و لەرزۆکترین شەپۆلە کە تا ئێستا ژنانێکی دروست لێ بەهرەمەند نەبوون ، چونکە دۆڕاوترین سێ تیوری سەر ڕووی دەریای وتوویژە زۆرەکانی مافی ژن خست ئەوانیش :

تۆمبۆی ” نێرە کچ ” : ئەمانە ئەو شەپۆلەی ژنان وەکو پیاو یان نێر مامەڵە ئەکەن و ئەجوڵینەوە و هەموو خەسڵەتیەکی مییەتی لە دەست دەدەن .

ترانس فیمینیزم : ئەمە ئەو کەسانەن لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە بۆ ژن و ئەمانیش لە نێو بزوتنەوە فیمینستیەکاندا بزوتنەوەی خۆیان هەیە و لە ڕێگەی خۆیانەوە کە هاندان و بەرگریکردنە لە گۆڕانی جەندەری بەرگری لە مافی گۆڕانخوازانی جەندەر دەکەن.

ژنەیزم :4 ئەمەش بەر شەپۆلی سێهەم کەوتوەوە پێی وایە هەموو شتەکان پێویستە لە دەوری ژن خرببنەوە و بە ڕۆئیای ژنانە بخەمڵێن و فۆرمی ژنانە بدرێت بە ژیانی نوێ ، ئەم بزوتنەوەیەش تا ئێستا هیچ کاریگەریەکی بابەتی و نەوعی لە سەر بزوتنەوەی فیمنیستی نەبووە. چوون بزوتنەوەیەکی لاهوتیە و بەرگری لە چینیەکی ژنانی ڕەش پێست دەکات بە تایبەت ئەو چینەی تووشی چەندین ڤایرۆسی جیاواز و لاقەکردن بوونەتەوەو کەوتونەتە کەناری بایەخەکانی پیاوان ڕەش و ژنانی سپی.

بزوتنەوەکانی ژنان کورد و کودی فیمنیزمی:

ئەوەی لە سەرەوە درکاندم سەبارەت بە بزوتنەوەی فیمنیزم و مێژووی فیمنیزم تەنها مەبەست وەڕووخستنی چەند سەرەپێنووسێک بوو سەبارەت بە هەر تیوریەک بۆ خۆشکردنی بەراوردکاری لە نێوان فیمنیزمی جیهانی و ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو کورددا ناوی دەنرێت فیمینیزم.
وەکو دەبینین شەپۆلی سیهەم چەند تیوریەکی تێدا دەرکەوتووە کە زیاتر کارو و ئامانجەکانیان لاوەکی و گرۆپگەرین نەک کاری گشتی و دەستەجەمعی ،تایبەتمەندن بە کێشە بایۆلۆجی و دەروونی گروپێکی دەستنیشانکراوی ناو کۆمەڵ نەک سەرجەم ژنان . ئەمەش پێشەنگی یەک بۆچوون دەکات ئەویش گەشتنی جیهانی یەکەمە بە قۆناغی پۆست –جەندەریزم و چارەسەرکردن و چارەسەر دۆزینەوە بۆ زۆربەی کێشەگشتیەکان ژن و وەستانی بزوتنەوە فیمینستیەکان لە ئاستێکدا کە پێویستی بە خەباتێکی داهێنەرانی دی نیە وەکو ئەوەی لە شۆڕشی فیمینستی و ژنانەدا بەرجەستە بوو ، کۆمەڵی ڕۆژئاوایی زیاتر کۆمەڵی فیمینیستین و بەرژەوەندی و مافەکانی ژن لە چوارچێوەی یاساییەکی مرۆڤانە و زانستیانە بە لایەنی بایلۆژی و دەرووی کۆمەڵایەتی ژن یارێزراوە ، ئێستا بۆشاییەک ماوە جێگەی گروپە جیاوازە بچووکەکانی تێدا کردوەتەوە.
چەمکەکانی فیمینیزم بە ئەرێی و نەریەیی ، گونجاو لە گەل َ هەلومەرجەکانی جیهانی کوردی و پێچەوانەکەشی وەکو زۆربەی چەمکەک فەلسەفی و زانستیەکانی دی هاتوونەتە نێو گفتووگۆ و کردار و قسەکردنی ئاکتڤیستەکانی کۆمەڵی کوردی و دیداری ڕۆژنامەوانەکان بە بێ هەند وەرگرتنی ئاستی قسەکەر و چاوەڕوانلێکردنی وەرگر.
ئایە قسەکەر بە مۆراڵێکی نەریەتی لەو چەمکە تێگەشتووە یان مۆدیرن؟ ئایە جیهانیبینی تایبەتی خۆی بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو زەپۆشەی سەدەیەک پێش ئامادەگی هەبووە هەیە ؟ گەر خۆشی توانای نوێ بوونەوەی نیە لەو تیزە زۆرانەی فیمنیزم کامەیان هەڵبژاردوە بۆ ئەو واقعە تاڵەی ژنی کورد؟
ئەو تێزانەی لە لایەن ژنانی کوردەوە بەکارهێنران هەموویان دەکەونە شەپۆلی سێهەم کە هیچ بایەخیەکی تەنانەت لە جیهانی یەکەم و کۆمەڵی مەدەنیشدا نەبوو نەک کۆمەڵێکی خوار مام ناوەندی دەرکەوتە مرۆیی و مەدەنیەکان وەکو کۆمەڵی کوردی. دیارە هەر تاکە لە میانەی هێزی مەعریفی و توانستی ڕاڤەکردنی بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوریەکان سەرچاوەی گرتووە و هەندیەکیشیان بە ئاشکرا میانەی بەرژەوەندیە کەسیەکان یان چەپاندنە کەسیەکانەوە لێوەی سەرەتاتکێ دەکەن ، ئەو ژنەی پێی وایە باسکردن لە فیمینیست بەستراوە بە ” سحاقی” لیزبینەوە ، دیارە خۆزگە و جیهانبینی ئەوە بۆ دروست بوونی ئەو جیهانە جۆرە ئازادییەکی جیاوازی تێدا دەستەبەر بکات ، دەکرێ ڕۆژێ لە ڕۆژان مافی ئەوەی هەبێت بۆ ئەو خۆزگەیە تێکۆشێت ، بەڵام لە ئێستادا ئەو مافەی نیە و مافی ئەوەشی نیە ژنان تووشی سەرگەردانی واتا جیاوازەکان بکات و بڵێت ئەمەیە فیمینیزم ، چونکە ئەوە تەنها ەئوە لە نێو تیورە جیاوازەکانی فەمینیستدا ئەو تیورەیانی هەڵبژاردووە. پاشانیش دابەشکرا بە سەر ژنەیزم و ئافرەتیزم ، خوشکەیزم و خانمەیزم . بۆ خۆی بەکارهێنانی ” زم ” لە گەڵ پێشگرەکەیدا واتای زانستی ئەو پاشگرە دەگەیەنێت ، بەڵام لەم ” یزم ” مانە هەندێ جار بە زۆر دەلکێنرێت بە بزوتنەوە مێینەکانی کوردستانەوە چەند پاشگریەکە بۆ ڕازاندنەوەی پێشگرەکە وەکو ڕۆخساری حزب ، نەبوونی حزبی لیبراڵ و سۆسیال لە ناو کوردستاندا بۆیە هەڵبژاردنی چەمکە پڕە لە ململانیەکانیان لە بری دوو چەمکەی دی ، هەورەها ئاماژەشە بۆ لاوازی تێگەشتن لە بزوتنەوەی ژنەیزم لە جیهاندا ، وەکو پێشتر گووتم ئەو بزوتنەوەیە بۆ ژمارەیەک لە ژنانی ڕەش تەنانەت نەک هەموو ژنانی ئەفرقیش هاتە نێو تێزەکان و تیوریەکی لاهوتیە و ئەوان بۆ ئەوەی دڵنەوایی خۆیان لە بێ باکی ژنانی سپی و پیاوانی ڕەش بدەنەوە پێشیان بڵێن خودا لە گەڵ زوڵم لێکراواندا گووتیان ” خودا ڕەشە” و یەسوعیش لە گەڵ ئەواندا ئازاریەکی هاوبەشی هەیە و ئەویش ئازاری ژنانی ڕەشی ئەمڕۆی چەشتووە. ئەم جۆرە بۆچوونە بۆ خەڵکێک چەند جۆر ڤایرۆسی کوشندە بووە بە هاودەمی ، یان ئالودەی جوداوازیە بە هۆی ڕەنگەوە دەکرێ هەندێک دڵنەوایی بە هێزی فریادڕەس ببەخشێت ، بەڵام تەوزیفکردنی بۆ کۆمەڵێک هەموو تیزەکان پۆست مۆدیرنە و گڵۆبالیزەیشن هاتوەتە بەر دەستی ئاماژەیە بە کورتکردنەوەی کێشەکانمان بە هۆی نەزانی و بێ ئاگای لە دۆخی نوێ و گنگلدانی لە تۆێی مۆراڵێکی نەریەتی باوەڕهێنەر بە فریاد ڕەس ، دەکرێ فریاد ڕەسی ژنانی ڕەش خودایەکی ڕەش و یەسوع بێت ،وەلێ خودای فیمنیستە خۆماڵیەکانی ئێمە حزبە خودایە خۆماڵیەکانی خۆمانە هەموو چەمکێک لە خویدا داتەتاشێ ، لە ئێستادا ژنانی کورد بێ دڵسۆزترین بوونەوەری سەر زەوین و تەنها ژنانێکن کە هێزی بەرگری نیو دەوڵەتی لە هیچ شوێنێکی دنیا لە گەڵ نیە ، بۆیە ئەوانەی توانا ، جەسارەت و دیدەبینی بەرگریکردنی لەو بەربەریەتە دروستکراوە هەبێت گوناهێکی مێژووی ، ئتیکی و مرۆیی دەکات بە شێوەیەک یاری بەو دۆخە بکات بە زیانی گشتی ژن و قازانجی کەسی بگەڕێتەوە. مەحاڵی چارەسەری کێشەی ژنان بەشێکی ئەم دۆخە دروستی کردووە.
کۆمەڵی کوردی بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی بزوتنەوەیەکی فیمینیستی یان تەنانەت بزوتنەوەیەکی ژنانەی کاراش پێویستە تێزییەکی نوێ و گونجاوی بە کێشەکانی ئەمڕۆی کوردی و کۆمەڵێکی سەردەمیانە هەبێت ، لە ئاستی ئارەزووی کۆمەڵ بۆ کرانەوە بە ڕووی جیهانی و بونیادی گۆڕانیەکی بابەتی لە هەناوی گۆمەڵگاوە، لەو پێگەیەشەوە پێویستیەکانی چالاکەوانەکانی بواری ژنان :
یەکەم : خود-ناسی
دووەم :خوێندنەوەیەکی جەندەرناسیانە بۆ کۆمەڵ و کێشەکانی .
سێهەم : داهێنانی تیزییەکی نوێ لە دەرەوەی ئەو تێزە باوانە چوارهەم : خۆلادان لە تێکەڵاوکردنی تیزە جیاوازەکانی وەکو ئەنترۆفنیا و میسەجەنی و میساندەری ، کە بە ڕێژەیەکی ئاشکرا تێکەڵاو دەکرێن و ناویشیان نازانرێت چونکە نووسینەکان زیاتر نووسین و دەربڕینی ڕان نەک نووسینی زانستی . .
فیمینیزمی کلتووری CULTURAL FEMINISM

فیمینیزمی کلتووری ئەو چەمکەیە دەمەوێت پێشنیازی بکەم بۆ بزوتنەوەی ژنانی کورد ، لە بەر چەندین هۆ.یەکەمیان ئەوەیە ئەم چەمکە لەو چوار خاڵەی سەرەوە باسم کردووە سیانیان دەگرێتەوە (لە داهاتودا لە خاڵی چوارەم دەدوێم)و هۆیەکانی دیش لە گەڵ باسکردنی گرنگی کلتوور بۆ ئەو بزوتنەوەیە ڕوو دەکەون. ئەوەی لە گەڵ خوێندنەوەم بۆ بزوتنەوەی فیمنیزمی نەمبینویە و لە تەوژمەکانی فیمینیزمدا نەهاتووە فیمینیزمی کلتووریە ، من پێم وایە ئەم چەمکە یەکێکە لە گرنگرترین ئەو فاکتەرە گشتگیرانەی جێگەی زۆربەی فاکتەرەکان و چەمکەکانی دی تێا ئەبێتەوە ، سەرەتا لە واتادا چەندین مانای چڕ و پڕواتای هەیە ،لەو واتانەی تان پۆی کۆمەڵی چنیوەو لێوە پێوەرەکان دیاری ئەکەین .ئەم چەمکە لە “زمانی ئنگلیزیدا
ە و لە زمانی عەرەبیدا بە ” پقافە ” هاتووە ،کە ڵچەر لە ڕەگی لاتینی Culture
وە هاتووە کە واتای کشت و کاڵ و چاندن دەگرێتەوە ئەم وشەیە 164 پێناسە COLERE
لە خۆی دەگرێ ، بەڵام وشەی کلتوور باوترینیانە و بڕەوی لە سێ خاڵی گرنگی واتا بەخشی ئەم چەمکە زۆرترە ،ئەوانیش :

- تایبەتمەندە لە چیژکردنی هونەرە جوانەکان و هونەرە مرۆییەکان کە بە کلتووری باڵا ناسراوە
- کۆمەڵێک هەڵوێست ، بەها و ئامانجی هاوبەشە و کارەکتەرایزی کۆمەڵ و مرۆڤ و رێکخراوەکان دەکات.
- نموونەیەکی تەواوی زانستە مرۆییەکان ، باوەڕ ومۆراڵ ئەو ئاکارانەیە متمانە ئەخاتە سەر توانای بیری ڕەمزی و فێربوونی کۆمەڵایەتی5 ” .

لە دسەتپێکدا یەکێکە لەو چەمکانەی پێناسکردنی ئاسان نیە چوون هەموو ڕاڤەکردنی کلتووری کۆمەڵێ ڕاڤەی کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، ئاینی ، ڕۆشنبیری و ژیاری یەلکێشی خۆی دەکات . لەم ڕوانگەیەشەوە فیمینیستی کلتووری بە پەسەند دەزانم ،چوون ئەم چەمکە لە لایەک ژیانی کۆمەڵایەتی گشتی زیاتر دەگەیەنێت هەتا تاک ڕەهەندی ، لە لایەکی دی بە دروشمکارانی پێویستە تێگەشتن ، ڕاڤە دەرئەنجامی خۆی بۆ هەریەک لەو چەمکانە هەبێت وابەستەی کلتوورن و توانای دووبارە داڕشتنەوەی بە شێوەی گونجاو لە گەڵ سەردەمێکی نوێ و پەیمانی کۆمەڵایەتی نوێدا هەبێت.واتا پێویستە کەسیەکی کەسانی شارەزای بواری کۆمەڵایەتی ، سایکۆلۆژی ، ئابوری ، ئیتیکی ، فەرهەنگی و کلتوری و یاسایی لێ خربێتەوە و بە تیوری زانستی هەموو کێشەکان ڕاڤە بکەن . چوون بە بڕوی من فەمەنیزم گوتاریەکی فکری ، فەلسەفی ، زانستی و سیاسیە ، کار بۆ هەموار کردنی پاراستنی مافەکانی یاسایی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ژن دەکات لە نێو چوارچێوەیەکی زانستیدا. ئەمەش یەکەم بزوتنەوەکانی ژنان لەو ئیفلیج بوونە کوشندەیە دەپارێزن . دووەم: ژنان لە لاساییکردنەوەی کوێرانە و نەگونجاو دەپارێزێت . سێهەم : ژنان ناچاری ڕامان و ڕاڤەکردنی چەمکگەلێک دەکات کە خەیاڵی ژنانەی زۆربەی چالاکەوانەکانی بواری ژنانی نەبڕیوە و تەنها لە بازنە باوەکەدا خولاوەتەوە.
لە ڕوانگەیەکی دیشەوە باسکردن لە کلتوور بوارمان دەدات باس لە کلتوری ڕێژە یی بکەین .یان فەلسەفەی ڕێژەیی ، ئەمەش بیروباوەڕێکە ڕاستی و Cultural Relativism
هەڵسەنگاندنی ژیان دەکات بە ئەرکی مرۆڤەکان و کات و شوێنی ژیانیان . وەلێ بانگەشەی ئیبستمۆلۆژی و تیوری تێهەڵکێش دەبێت ، لە کاتێکدا تێکەڵاوی فەلسەفەی مۆراڵی ڕێژەیی نابێت. ئایە ئەم فەلسەفەیە هەڵسەنگاندنی ژیان و کلتوریەکی خوار مام ناوەندی وەکو کوردی پێدەکرێت ؟ بێ گۆمان ئەم چەمکە توانای بە سەر هەموو کۆمەڵە مرۆڤاتیەکاندا هەیە ( تیوری چوارهەمی فیمینیزم و تیوری غەم لای ژنانی ئەنفال – م لە ژێر کاریگەری تیوری کلتوری ڕێژەییدا نووسیوە ) گەر بابەتێک بتوانێت ڕاڤەی ئەنفالی پێ بکرێت کە بابەتێکی تایبەتمەندە و تایبەتە بە کورد بێ گومان دەروازیەکی وڵاترە بۆ چەمکە گشتیەکان دەکرێ دەیان بابەتی نووسراوی دی هەبێت و هێشتا لە دەرگای ئاگای منی نەدابێت .
لێرەدا هەبوونی وەها تیوریەک مەترسی بۆ هەموو ئەو کارمەندە ژنانەی لە بنکە و رێکخراو و سەنتەرەکانی ژناندا کاردەکەن و لە نێو کۆمەڵی نەریەتیدا بە چالاکوانی مافی ژن ناسراون و لە گەڵ کرانەوەی کۆمەڵدا بە ڕووی بە زاسنتی کردنی کێشەکان و داواکاری ڕاڤەی سیسۆلۆژ ی و زانستی تەنها دەبن بە کارمەندێک و لە زۆر دۆخدا پێویستە جێگە گۆرکیەیان پێ بکرێت بەو کەسانەی لە بواریەکی زانستیدا پرۆفیشناڵن . ئەمەش مەحاڵێک دی بە هەموو پێشنیازیەک دەبەخشێت بۆ نەترازانی داوی ئەو جاڵجاڵۆکە گەورەی کێشەکانی لە یەک فۆرم و یەک ئایدۆلۆژیای فرە ناو و یەک شوناسی باوی بەسەرچوو گەمارۆ داوە و ململانیەی گەورەکانی کۆمەڵگاشی لە سنوری تۆزاوی خۆیدا وەدەرناوە.

1- Marilyn Frye، “Some Reflections on Separatism and Power.” In Feminist Social Thought: A Reader، Diana Tietjens Meyers (ed.) (1997) New York: Routledge، pp. 402-410.

2- Benjamin، Jessica (1983). Master and Slave: The Fantasy of Erotic Domination. In Ann Snitow، Christine Stansell، and Sharon Thompson (Ed.)، Powers of Desire: The Politics of Sexuality، pp. 460–463. New York (Monthly Review

3- Judith Butler، “Contingent Foundations” in Seyla Benhabib et al.، Feminist Contentions: A Philosophical Exchange (New York: Routledge، 1995)، pp. 35
4- Feminism and Psychoanalytic Theory: By Nancy Chodorow. New Haven، CT: Yale Univ. Press، pp.1989
5- Kroeber، A. L. and C. Kluckhohn، 1952. Culture: A Critical Review
of Concepts and Definitions.
سه‌رچاوه‌:مه‌ڵپه‌ری کازیوه‌ ساڵح

http://www.kaziwa.com/index.php

This entry was posted in راپۆرت. Bookmark the permalink.

وەڵامێک بنووسە

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>